
ئەمڕۆ 9ی نیسانی 2025، 22ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری عێراقدا، کە لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لەژێر ناوی (پرۆسەی ئازادکردنی عێراق)، کۆتایی بە دەسەڵاتی چەند دەیەی ئەو ڕژێمە هێنرا.
دوای تێپەڕبوونی 22ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر لە عێراقدا، تا ئێستاش شوێنپەنجهی تاوانەکانی بەعس لە یادەوەریی گەلی کوردستان و جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا هەر ماوەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا، دۆخی ناوچەکە لە ڕووی پێشهاتی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، هەروەها کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەوە، هێشتا نەگەییشتووەتە کەنارێکی ئارام و سەقامگیر، ئەمەش لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و لێکنەگەییشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی عێراقدا.
لە پاڵ کێشە ناوخۆییەکاندا، دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا و بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، عێراقی خستۆتە نێو بارودۆخێکی هەستیارەوە، گرنگە سەرکردایەتیی عێراق، ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە تێوەگلان لە لایەنگیری و خزانە نێو ئەم جەنگ و ئاڵۆزییانەی کە چەند وڵاتێکی ناوچەکەی گرتۆتەوە.
هیوادارم حکوومەتی بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکات کە ساڵانێکە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیەتی، کە خۆی لە کێشە سیاسی و ئابووری و مافە دەستوورییەکاندا دەبینێتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/9