Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

2026-03-05T08:18:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی (35)ـەمین ساڵەی ڕاپەڕینە پڕ شکۆ و جەماوەرییەکەی گەلی کوردستاندا، پیرۆزبایییەکی گەرم ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران، دەکەم.

ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (1991) لە دەرئەنجامی زوڵم و ستەمی ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس بوو دەرحەق بە خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەستپێکی یەکەم کڵپەی ئەم دەنگە ناڕازییە بوو کە تاجی شکۆی سەرکەوتن و سەروەریی بۆ گەلی کوردستان نەخشاند و دەنگی حەقی گەلێکی ماف خوراوی سەرخست بە سەر جەور و ستەمی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا.

پیرۆزیی یادی ڕاپەڕین، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و مێژوویی دەخاتە سەر شانی کۆی لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی ئێستا، کە دەبینین جەنگ و ماڵوێرانی دۆخی ناوچەکەی بەگشتی شڵەقاندووە.

لێرەدا گرنگە قووڵتر بیر بکەینەوە و هەنگاوی جددی بنێین بۆ دوورکەوتنەوە لەم شەڕ و ئاشووبەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و خەریکە بەرۆکمان دەگرێت، چارەسەریش بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە تەنها یەکڕیزی و یەکگرتووییی نێوان کۆی لایەنە سیاسییەکانە، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینە مەزنەکە و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/5