Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای هیندستان كۆبووه‌وه‌

2019-09-17T09:12:52.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زياترى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هیندستان كرده‌وه و ئاماده‌يی هه‌رێمى كوردستانى بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌موو ئاسانكارييه‌ك له‌مباره‌يه‌وه‌ نيشان دا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/9/2019 له‌ هه‌ولێر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان و شاندێكی یاوەری، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی قۆناغی ڕابردوو و ئێستای ناوچه‌كه‌، دۆخی ده‌ستی كاری هیندی له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و بوونی ژینگه‌ و یاسای له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌ش كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ده‌هاران پیرۆزبایيی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی كرد و سڵاوی به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستانی پێگه‌یاند، هه‌روه‌ها پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ قوربانیدانی گه‌لی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی گرنگیی بوونی گه‌شتی ڕاسته‌وخۆى ئاسمانى له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و هیندستان، كاری هاوبه‌ش بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر، دیاریكردنی بواره‌كانی كاری هاوبه‌ش له‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا، دۆخی ده‌ستی كاری هندی و هاوكاريی هه‌رێمی كوردستان بۆیان، هه‌روه‌ها ڕێوڕه‌سمی په‌رده‌لادان له‌سه‌ر په‌یكه‌ری غاندی له‌ پاركی شه‌هید سامی عبدالرحمن له‌ هه‌ولێر، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.