Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك ئيلهام عه‌ليێڤ جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

2023-07-18T10:23:45.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاش ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ باكوى پايته‌ختى ئازه‌ربايجان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/7/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن به‌ڕێز ئيلهام عه‌ليێڤ سه‌رۆكى ئازه‌ربايجانه‌وه‌ له‌ كۆشكى كۆمارى به‌ گه‌رمى پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كى دۆستانه‌ى دووقۆڵيدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئازه‌ربايجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و گه‌شتيارى و وزه‌دا و ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارييان بۆ كۆمپانياكانى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوی عێراق تاوتوێ كرد.

هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌يه‌كى گشتيى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌ كه‌ پێشتر بڕيارى لێدراوه‌ و باسى ڕێكاره‌كان كرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا بكرێته‌وه و كار بكات بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا‌.

هه‌روه‌ها دوايين ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى هه‌رێمی کوردستان ـ باكو و باكو له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى ديكه‌ى عێراق و ئاسانكارى بۆ پێدانى ڤيزا و ئاڵوگۆڕى سه‌ردان و شانده‌كانى هه‌ردوولا، خرايه‌ به‌ر باس.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ديكه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى شاندى هه‌ردوولا و به‌شداريى به‌ڕێز هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى عێراق له‌ باكو به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ناڵه‌كانى په‌يوه‌ندى و ڕێكاره‌كانى به‌دواداچوونى ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان، تاوتوێ كران و بڕيارى پێويستيان له‌باره‌وه‌ درا.