
پاش ئه‌وه‌ى به بانگهێشتێكى فه‌رمى بۆ به‌شدارى له ڕێوره‌سمى كردنه‌وه‌ى ئۆليمپادى 2024دا گه‌يشته پاريس، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2024/7/26 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانى وڵاتانى جيهان، له‌لايه‌ن به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه، له كۆشكى ئه‌ليزێ پێشوازى لێكرا.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له په‌راوێزى ڕێورهسمهكهدا چاوى به ژماره‌يه‌ك له سه‌رۆك و شا و سه‌ركرده‌كانى جيهان كه‌وت، دواى ئه‌وه‌ش پێكه‌وه به‌شدارييان له ده‌ستپێكردنى خولى يارييه‌كانى ئۆليمپيكدا كرد كه له كۆشكى شاييۆ له ناوچه‌ى ترۆكادێرۆى پاريس به به‌شداريى ده‌يان هه‌زار كه‌س له سه‌رانسه‌رى جيهانه‌وه به‌ڕێوه‌چوو.


















