Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كات

2022-06-01T13:05:57.000000Z
پەیام و پەیوەندی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/6/1 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، ‏سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى چل و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ‏يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستاندا، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان و له‌ سه‌ركردايه‌تى و ‏ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى يه‌كێتى كرد. ‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ئاما‌ژه‌دان به‌ ڕۆڵى كاريگه‌رى يه‌كێتيى نيشتمانيى ‏كوردستان و سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ بزاڤى ڕزگاريخوازيى كوردستاندا، هه‌موو ئه‌و ‏تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ى به‌ بير هێنايه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازاديى كوردستان و ‏له‌ ڕیزه‌كانى يه‌كێتيدا، خه‌باتيان كردووه‌ و قوربانييان داوه. ‏

هه‌ر له‌م ياده‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پێويستيى كارى هاوبه‌ش و ‏پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان كرده‌وه‌ ‏له‌پێناو پاراستنى فيدرالى و قه‌واره‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ‏ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستاندا. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕۆڵى يه‌كێتيى نيشتمانيى ‏كوردستانى به‌ گرنگ و كاريگه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، ‏سوپاس و پێزانينى خۆى و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانى بۆ پيرۆزبايى و ‏په‌يوه‌نديى به‌ڕێزيان ده‌ربڕى و هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌پێناو ‏يه‌كڕيزى و كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا، به‌رز نرخاند.‏