سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كات

News
- 1 June 2021

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/1 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خۆيان و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌وانيشه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندى و مه‌كته‌بى سياسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى كاديران و جه‌ماوه‌ر و لايه‌نگرانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان وه‌ك هێزێكى سياسيى سه‌ره‌كيى كوردستان خاوه‌ن ڕۆڵێكى دياره‌ له‌ مێژووى خه‌بات و تێكۆشانى ئازادى و به‌ديهێنانى ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ئه‌مڕۆش يه‌كێكه‌ له‌و لايه‌نانه‌ى خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێز و سه‌ره‌كين له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

به‌ڕێزيان ڕۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى له‌پێناو ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى گه‌لى كوردستاندا به‌ گرنگ و پێويست زانى، هه‌روه‌ها له‌م ياده‌دا سڵاو و دروودى بۆ گيانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال نارد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌.

لاى خۆيانه‌وه‌ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان سوپاس و پێزانينى خۆيان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و جه‌ختيان له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى له‌پێناو پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌.