Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى زانايان ده‌كات

2021-09-21T06:37:16.000000Z
پەیام و پەیوەندی

له‌ يادى 51 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامیی كوردستاندا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى زانايان و ئه‌ندامانى و ته‌واوى مامۆستايانى ئايينى ئيسلامی له‌ كوردستان ده‌كه‌م، هيواى ته‌مه‌ندرێژى و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

ڕۆڵ و كاريگه‌ريى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامیی كوردستان و كار و خه‌باتى زياتر له‌ نيو سه‌ده‌يان له‌ خزمه‌تى ئايين و خه‌ڵكى كوردستان و بره‌ودان به‌ گيانى نيشتمانپه‌روه‌رى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و به‌رگريكردن له‌ مافه‌كانى مامۆستايانى ئايينى، به‌رز و به‌ ڕێزه‌وه‌ ده‌نرخێنين، هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین.

يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامیی كوردستان و مامۆستايانى ئايينى و پێگه‌يان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، ڕۆڵى كارايان له‌ پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌ى گيانى ته‌بايى و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و ميانڕه‌وى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى توندوتيژى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى هه‌يه‌ و له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ گرنگيى ڕۆڵ و كاريگه‌رييان له‌ پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامیی كوردستاندا گيانيان به‌ نيشتمان به‌خشى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى به‌ڕێزى مامۆستايانى كۆچكردوو به‌ نه‌خۆشيى ڤايرۆسى كۆرۆنا ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين، خواى مه‌زن گيانيان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات.

بۆ خزمه‌تى نيشتمان و داهاتوويه‌كى باشتر، په‌روه‌ردگار پشت و په‌ناى هه‌موومان بێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/9/21