سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: كاتى ئه‌وه‌يه‌ بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش و هه‌موو دۆسيه‌كان يه‌كلا بكه‌ينه‌وه‌

News
- 21 June 2020

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تى و سه‌ركرده‌ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان، كێشه‌ و به‌رپرسيارييه‌تييه‌كانى به‌ هاوبه‌ش بۆ هه‌موو عێراقييان له‌ قه‌ڵه‌م دا و گوتى: هه‌موومان يه‌ك چاره‌نووسمان هه‌يه‌ و كێشه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى هه‌موو عێراقييه‌كانه‌، دووپاتيشى كرده‌وه‌ دواى ئه‌زموونى تاڵى چه‌ندين ساڵى گرفت و كێشه‌ى نێوان هه‌ردوولا، ئيتر ده‌بێ نه‌چينه‌وه‌ سه‌ر ڕابردوو، به‌ڵكوو ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش و به‌ ڕێككه‌وتنێكى گشتگيرى جێى ڕه‌زامه‌نديى هه‌ردوولا كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى، دادپه‌روه‌رى و پێشكه‌وتن بۆ ئێستا و داهاتووى هاوبه‌شمان دابين بكات، كێشه‌كان به‌ يه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكه‌ين.

به‌ڕێزيان دۆخه‌كه‌ و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌ سه‌خت له‌ قه‌ڵه‌م دا و گوتى: ده‌كرێ قه‌يرانه‌كان بكرێنه‌ ده‌رفه‌ت بۆ هاوكارى و پێكه‌وه‌كاركردن، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سه‌ختى و قه‌يرانه‌كانى ئێستاى وڵاتيش به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌مووانه‌ و به‌رده‌واميى كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه‌، هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ هاوكارى، ده‌توانين بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش له‌سه‌ر‌ شێوازێكى به‌ڕێوه‌بردنى باشترى وڵات تا خزمه‌ت به‌ هه‌موو هاووڵاتيان بكرێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختيشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ ته‌واوى كێشه و دۆسيه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌ ڕه‌چاوكردنى سيستمى فيدراڵى و ماف و ئه‌ركه‌كان و ئه‌وله‌وييه‌تى بارى هه‌نووكه‌ييى ژيان و بژێوى هاووڵاتيان چاره‌سه‌ر بكات، ڕۆڵى سه‌ركرده‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراقيشى بۆ پشتگيرى له‌ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر و گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن به‌ گرنگ و پێويست و ئه‌ركى هه‌مووان زانى.

لاى خۆيانه‌وه‌ سه‌ركرده‌ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان‌ وێڕای پشتگیرییان له‌ بۆچوونه‌کانی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی، سه‌ردانه‌که‌یان له‌م كات و دۆخه‌دا به‌ په‌يامێكى ئه‌رێنى و هه‌نگاوێگى دروستى هه‌رێمى كوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا و په‌رۆشی و جددیه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م دا و خۆشحاڵييان به‌ ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستان بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان و گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ربڕى.

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پاش ئه‌وه‌ى دوێنێ له‌ يه‌كه‌م ڕۆژى سه‌ردانيدا بۆ به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌ك له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زيران، سه‌ركۆمار، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 21/6/2020 له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان عه‌مار ئه‌لحه‌كيم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانى، هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى ليستى فه‌تح، نوورى ئه‌لمالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا و به‌ڕێزان له‌ ده‌سته‌ى سياسيى ڕه‌وتى سه‌در كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى ئێستاى وڵات و ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌تى تازه‌ى فيدراڵ، قه‌يرانى دارايى و لێكه‌وته‌كانى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و فراوانبوونى جموجووڵ و هێرشه‌كانى داعش له‌ عێراق، گرنگيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، پاراستنى سه‌روه‌رى و سنووره‌كانى وڵات و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ناوچه‌كه‌ و جيهان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.