Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكی كۆبووه‌وه‌

2019-10-03T08:47:27.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كرده‌وه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3/10/2019 له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خاتوو تامی باڵدوین سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی و شاندێكی یاوه‌ری، دۆخی هه‌نووكه‌ی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، بابه‌تی نه‌وت و بودجه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و دۆخی ئاواره‌ عێراقییه‌كان و چۆنیه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانیان و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشیان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا هاوكاری و پشتگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد.

لای خۆیه‌وه‌ شاندی ئه‌مه‌ریكیش پێزانینی خۆیان بۆ قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا نیشان دا و به‌رده‌وامیی پشتگیریی ئه‌مه‌ریکایان بۆ هه‌رێمی کوردستان و عێراق دووپات کرده‌وه‌.