Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شدارى له پرسه‌يه‌كى كونسولخانه‌ى ئێراندا كرد

2024-01-08T10:37:32.000000Z
هه‌واڵ

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/1/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كونسولخانه‌ى گشتيى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌ولێر، به‌شدارى له‌ پرسه‌ى ئه‌و قوربانييانه‌دا كرد كه‌ ڕۆژى سێى ئه‌م مانگه‌ له‌ شارى كرمان له‌ ئێران له‌ ئه‌نجامى هێرشێكى تيرۆرستيى داعشدا، شه‌هيد بوون.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئێران، وێڕاى گه‌ياندنى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌ميى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌ركردايه‌تى و حكوومه‌ت و گه‌لى ئێرانى دۆست، پرسه‌نامه‌يه‌كى له‌ تۆمارى پرسه‌دا نووسى.

تيايدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قوربانيى ده‌ستى تیرۆر، باشتر له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانييان تێده‌گه‌ن و وێڕاى هاوسۆزى و هاوخه‌مى، هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برينداران خواست.

به‌ڕێزيان هێرشه‌كه‌ى‌ به‌ سه‌لمێنه‌رى مه‌ترسيى ڕاسته‌قينه‌ى تيرۆر زانى‌ و نووسيويه‌تى: "بۆيه‌ پێويستيمان به‌ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌ و جيهان هه‌يه‌ بۆ له‌‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش كه‌ دوژمنى هاوبه‌شى ئێمه‌ و كۆمارى ئيسلاميى ئێران و جيهانه‌."

هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ ئێران ده‌ربڕيوه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا هاوكاريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى كرد. لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌ردان و هاوبه‌شى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ خه‌م و پرسه‌كه‌ياندا ده‌ربڕى.

دواى سه‌ردانه‌كه‌ش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باسی مەبەستی سەردانەكەی و دۆخی ئەمنیی ناوچەكەى كرد.

سەرەتا به‌ڕێزيان گوتی "ئەمڕۆ ئێمە هاتبووین بۆ كونسولخانەی گشتيى كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەربڕینی هاوسۆزیی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ قوربانييانى ئەو كارە تیرۆرستیەی كە لە كرمان ئەنجامدرا و بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان خەڵكی بێگوناهی ئەو شارە. هاتبووین سەرەخۆشیی خۆمان بگەیەنینە كۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵكی ئێران بە شێوەیەكی گشتی و خۆشەویستانی كرمانیش بە شێوەیەكی تایبەتی، هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆمان لە هەرێمی كوردستان پێیان بگەیەنین. داعشی تیرۆرست دیاردەیەكی ناوچەییە و لە ناوچەی ئێمە هەیه‌. جه‌ختمان لەوە كردۆتەوە كە دەبێت بەردەوام بین لە هاوكاریكردن و كاركردن لەگەڵ یەكتر بۆ بنبڕكردنی ئەم تیرۆرستانە. لە هەمان كاتیشدا بە بیری خۆمان دەهێنینەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا كە داعش هات، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی عێراق و یارمەتیی هەرێمی كوردستانی دا و دووپاتمان لەوە كردەوە و سوپاسمان كردن بۆ هەموو ئەو یارمەتیانەی پێشكه‌ش به‌ عێراق و هەرێمی كوردستانیان كردووە".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "كۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمه‌يە، بەردەوام لە هەرێمی كوردستان دەمانەوێ پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبێت و پێموایە ئێستا پەیوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە باشتر و باشتریش ببێت، چونكە ئێمە دراوسێی یەكترین و لە ئەنجامدا لەو شوێنانەی ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەبووە، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە، لە هەرێمی كوردستانیش له‌ ڕابردوودا دووپاتمان كردووته‌وه‌ و ئێستايش دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كە بە هیچ شێوەیەك نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، بەتایبەتیش بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران".