Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شدارى له‌ پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شێخ خه‌ليفه‌ بن زايد ‏ئال نه‌هياندا ده‌كات

2022-05-16T15:54:34.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/5/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، بۆ به‌شدارى له‌ پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شێخ خه‌ليفه‌ بن زايد ‏ئال نه‌هيان سه‌رۆكى كۆچكردووى ئيماراتدا، گه‌يشته‌ ئه‌بوزه‌بى و له‌لايه‌ن خاوه‌نشكۆ ‏شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيماراته‌وه‌ پێشوازى لێ كرا.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى خۆيان و گه‌لى كوردستانى به‌ ‏خاوه‌نشكۆ شێخ محمه‌د بن زايد ئال نه‌هيان خانه‌واده‌ى به‌ڕێزى ئال نه‌هيان و ‏حكوومه‌ت و گه‌لى ئيمارات گه‌ياند و هاوخه‌مى و هاوسۆزى له‌گه‌ڵياندا ده‌ربڕى و ‏هيواى خواست خواى مه‌زن گيانى خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد ‏بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى بۆ هه‌مووان ببه‌خشێت. ‏

لاى خۆيه‌وه‌ خاوه‌نشكۆ شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات، ‏سوپاس و پێزانينى خۆيان و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌يان و سه‌ركردايه‌تيى وڵاته‌كه‌ى بۆ ‏به‌شدارى و هاوبه‌شيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى له‌ پرسه‌كه‌ياندا ‏ده‌ربڕى و ستايشى خۆيان و وڵاته‌كه‌ى بۆ دۆستايه‌تى و هاوسۆزيى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات دووپات كرده‌وه‌. ‏

شاندى ياوه‌رى سه‌رۆك نچيرڤان بارزانى له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك ‏وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و فه‌وزى هه‌ريرى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ‏پێكهاتبوو.‏