بەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/9/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز دیکۆتینى نامەیەکى بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆمارى فەرەنساى بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گەیاند، تیاید هاتووە:
ڕێزدار جەنابى سەرۆک، نێچیرڤانى هێژا
شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە بە ناوى فەرەنسا و بە ناوى خۆمەوە سوپاسگوزارى پێشکەش بە جەنابتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە هەولێر لە منتان کرد، وەک چۆن لە دیدار و کۆبوونەوەکانى پێشترماندا لە بەغدا و پاریس، بەڵێنى سەردانى هەولێرم بە جەنابتان دابوو.
لە بەشێکى دیکەى نامەکەدا هاتووە:
فەرەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین. ئەم گیانى دۆستایەتى و متمانە و وەفادارییە لە کۆبوونەوەکەماندا ڕەنگدانەوەى لەسەر دەوڵەمەندیى گۆڕینەوەى بیروبۆچوونەکانمان هەبوو، هەروەها بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانى و خانەوادەى شەهید هوجام سوورچى لە هەولێر، خوازیار بووم ئەم وەفادارى و دۆستایەتییە بەرز ڕابگرم.
لە کۆتاییدا سەرۆک ماکرۆن نووسیویەتى:
دڵنیام هەرێمى کوردستان سوودمەند دەبێت لەو پێشکەوتنانەى لە کۆنفرانسى بەغدا بۆ هەماهەنگى و هاوبەشى بەدەست هاتوون، دڵنیاش بن فەرەنسا لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابووری و کۆمەڵایەتى، لە پایەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت.
بە نوێکردنەوەى وەفادارترین هیوام بە سەرکەوتنان جەنابى سەرۆک، تکایە بفەرموون بۆ قبووڵکردنى ڕێزى بێکۆتاییم.