به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2023/12/17 له ڕۆژى ئاڵاى كوردستاندا، له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به به‌شداريى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵدانى ئاڵاى كوردستان به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
کەسوکاری خۆشه‌ويست و سه‌ربه‌رزى شەهیدان،
پێشمەرگە قاره‌مانه‌كان،
هێزه‌كانى ناوخۆ، پارێزه‌رانى ئه‌زموونه‌كه‌مان
كوردستانييانى ئازيز لێره و له هه‌ر شوێنێكى جيهان بن،
ڕۆژی ئاڵاتان لێ پیرۆز بێت..
له ڕۆژى پيرۆزى ئاڵای کوردستاندا کە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، با هەر شەکانەوەیەکی لە به‌رزاييدا، هێزی بەردەوامیی و پێکەوەیيی گەلەکەمان، به بيرمان بهێنێته‌وه.
ئاڵاى كوردستان، تابلۆیەکى ڕه‌نگينه، بە خوێنی شەهیدان و بە ویستی تێکوشان و پێکەوەژیانی هەموو ئەوانه‌ى کوردستان بە ماڵ و نیشتمانی خۆیان دەزانن، نەخشێندراوە.
با ڕەنگەکانی ئاڵاكەمان لە دەروونی ئێمەدا، ویست و بەها باڵاکان وەئاگا بهێنن. ڕەنگی سپی، ویستی دادپەروەری و ئاشتی و پێکەوەژیانە. ڕەنگی سەوز، ویستی ژیانەوە و بەردەوامی و تێکۆشانە. ڕەنگی سوور، ویستی بەرخودان و بەرەنگاربوونەوە و پیرۆزیی خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستانە. با خۆری زەردی سەر ئاڵاکەمان، ببێتە هەوێنی هیوا و ئاوات و ئومێدمان، بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین.
ئەم ئاڵایە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئاماژەیە بۆ یەک نیشتمان، یەک به یەکی دڵانى ئەم نیشتمانەش لە هەركوێ بن بە كورد و بە هەموو پێكهاتەكانی ترەوە پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە با بەرزکردنەوەی ئاڵا لەمڕۆدا، ئەو پەیمانەش لە دەروونماندا نوێ بکاتەوە کە دووبەرەکی تێپەڕێنین، ڕێزی جیاوازییەکانمان بگرین و پێکەوە نەتەوەیەک بنیاد بنێین کە ببێتە جێی ئومێدی هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. كوردستان ببێتە ماڵی پێکەوەژیان، ببێتە نموونەی لێبوردەیی لەنێو گەلانی ناوچەکە و لە جیهاندا.
ئاڵاکەمان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان و سەرکەوتنمانە بەسەر بەربەستەکاندا. هێمای بەڵێنمانه بۆ هێنانەدی داهاتوويه‌كى ڕووناکتر بۆ هەموومان.
كاتێك ئاڵا لە ئاسمانی بێ سنووردا هەڵدەکەین، با لەگەڵیدا ورەمان بەرز ببێتەوە. با هەموو ئەو توانا بێ سنوورانە به بيرمان بهێنێته‌وه كه له تێکۆشانی پێکەوەییماندا هەن.
با ئەو شکۆیەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەین، هانمان بدات بۆ ئامانجی باڵاتر، بۆ دەسکەوتی گەورەتر، بۆ گیانی پێکەوەیی و سۆزی هاوبەش، بۆ خۆشەویستيی هاوبەشی وڵات و هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. لەژێر ئەم چەترە کۆکەرەوەدا کە سیمبولی ناسنامه‌ى هاوبەشیمانە، با پێکەوە بەرەوەپێش بڕۆین، بەهێزتر و به‌گوڕتر، بۆ ئەوەی مەزنیی نەتەوەکەمان لەسەر لاپه‌ڕه‌كانى مێژوو تۆمار بکەین.
لەم ڕۆژەدا سڵاو له گيانى پيرۆزى هەموو ئه‌و نه‌مرانه‌ى له‌ژێر سايه‌ى ئه‌م ئاڵايه‌دا بۆ ئازادى گيانيان به‌خشى.
سڵاو لەو تێكۆشەرانەی كە لەژێر ئەم ئاڵایەدا هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی خەونی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانیيەوە بهێتە دی. سڵاو لەو تێكۆشەرانە، لەو پێشمەرگە قارەمانانە كە تا ئێستاش بۆ سەرفرازی، بۆ ئارامیی وڵات هەوڵ دەدەن و لە تێكۆشان نەوەستاون.
سڵاو له هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ژێر سايه‌ى ئه‌م ئاڵايه‌دا تێده‌كۆشن و كار ده‌كه‌ن بۆ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵاتەكەمان.
هەموومان پێكەوە ئەمڕۆ دەڵێین:
بەرز و شەکاوە بێ ئاڵاکەمان
هەر سەرفراز بێ کوردستان
ئێوەش هەموو لایەكتان بە خێر بێن.
زۆر سوپاس.