Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى ئه‌كاديمياى ساندهێرستى سه‌ربازى ده‌كات

2021-09-17T16:41:31.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ دوا وێستگه‌ى سه‌ردانيدا بۆ له‌نده‌ن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌كاديمياى شاهانه‌ى ساندهێرستى سه‌ربازيى ناسراو له‌سه‌ر ئاستى جيهان به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌يه‌ك قوتابيى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ خوێندن و پێگه‌ياندن و خول و ڕاهێنانه‌كانيدا به‌شدارن و گه‌وره‌ترين ئه‌كاديماى سه‌ربازيى به‌ريتانييه‌.

به‌رپرسانى ئه‌كاديمياكه‌ بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و ئه‌ركى دامه‌زراوه‌ ئه‌كاديمى و سه‌ربازييه‌كه خسته‌ ڕوو كه‌ سه‌ركرده و پله‌دارى‌ سه‌ربازى به‌ لايه‌نى ئه‌كاديمى و مه‌يدانى ئاماده‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌پێى به‌رنامه‌يه‌ك كه‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستانيش لێى سوودمه‌ندن، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جيهانه‌وه‌ به‌شداريان هه‌يه‌ و له‌گه‌ڵ خوێندنى ئه‌كاديمى، لايه‌نى مه‌شق و ڕاهێنانى جه‌سته‌يى و سه‌ربازيش بۆ به‌شداران په‌ره‌پێده‌ده‌ن.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگى و پێويستيى هاوبه‌شى و سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عيراقدا له‌و ده‌رفه‌تانه‌ كرده‌وه‌ و له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى عيراق و پاشان له‌ ديدارێكى تايبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستخۆشى و پيرۆزبايى لێكردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها به‌شداريى ئه‌وانى به‌ گرنگ و جێى بايه‌خى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و به‌ هيواى به‌رده‌وامبوون و به‌شداريى زياتر له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سوپاسى حكوومه‌تى به‌ريتانياى كرد بۆ ڕه‌خساندنى ئه‌م ده‌رفه‌ته.

له‌ كۆتاييشدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ياداشتێكى له‌ ده‌فته‌رى ياداشتى كه‌سايه‌تى و سه‌ردانيكار و ميوانانى ئه‌كاديميادا نووسى و سوپاسى به‌ر‌پرسانى ئه‌كاديمياكه‌ى كرد.