Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌دواداچوون بۆ دۆخى پارێزگاى دهۆك ده‌كات

2020-03-19T12:41:13.000000Z
هه‌واڵ

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌دواداچوون بۆ دۆخى لێقه‌وماوان و زيانه‌كانى باران و لافاوه‌كانى پارێزگاى دهۆك و پرۆسه‌ى به‌هاناوه‌چوون ده‌كات و هاوكارييه‌كى به‌په‌له‌ ده‌داته‌ ئيداره‌ى پارێزگاى دهۆك.

پاشنيوه‌ڕۆژى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/3/2020 له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فه‌رهاد ئه‌ترووشى، پارێزگارى دهۆك، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى بۆ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و دوو قوربانييه‌ى له‌ ئه‌نجامى لافاوه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌ له‌ سێمێل و زاخۆ گيانيان له‌ ده‌ست دا، به‌ وردى به‌دواداچوونى بۆ دۆخى لێقه‌وماوان و مه‌زه‌نده‌ى زيانه‌كان و كاره‌كانى به‌هاناوه‌چوون و چۆنيه‌تيى هاوكاريكردن و يارمه‌تيدانى لێقه‌وماوان و زيانمه‌ندانی كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پشتگيرى بۆ كارى داموده‌زگا په‌يوه‌نداره‌كان بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان دووپات كرده‌وه‌ و بڕيارى دا وه‌ك هاوكارييه‌كى به‌په‌له‌ى به‌هاناوه‌چوون، بڕى (يه‌ك مليار دينار) له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پێشكه‌ش به‌ ئيداره‌ى پارێزگاى دهۆك بكرێت.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز پارێزگارى دهۆك، سوپاسى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ خه‌مخۆرى و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى دۆخى لێقه‌وماوان و پارێزگاكه‌.