Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ به‌رپرسى نوێى نووسينگه‌ى كونسولگه‌ريى ژاپۆن ده‌كات

2020-07-23T08:15:50.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/7/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ناگاياما يۆشيكۆ، به‌رپرسى نوێى نووسينگه‌ى كونسولگه‌ريى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پيرۆزبايى و به‌خێرهێنانى خاتو يۆشيكۆ، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ ئه‌ركى تازه‌ى نيشان دا، هه‌روه‌ها ويستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى له ‌هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ ژاپۆن و ئاماده‌ييى هه‌رێمى بۆ پێشوازى له‌ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى وڵاته‌كه‌يان دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێزيان بۆ هاوكارييه‌كانى ئاژانسى هاريكاريى نێوده‌وڵه‌تيى ژاپۆنى (جايكا) له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ماوه‌يه‌كى درێژه‌ له‌ هه‌رێم خزمه‌ت ده‌كات، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارييه‌ مرۆييه‌كانى ژاپۆن بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێدانى قه‌رز به‌ حكوومه‌تى عێراق و دابينكردنى به‌شى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى حكوومه‌تى ژاپۆنى كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو يۆشيكۆ سوپاسى پێشوازى و پشتگيريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بۆ په‌ره‌پێدانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هاندانى كه‌رتى تايبه‌تى ژاپۆنى بۆ كاركردن له‌ هه‌رێم و هاتنى ڕێكخراوه‌ ناحكوومييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌خاته‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ژاپۆن پشتگيرى له‌ سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گرنگيى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌قامگيريى عێراقدا، په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆر و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ش له‌ ديداره‌كه‌دا، تاوتوێ كران.