ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3/7/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا خه‌ڵاتی به‌خشییه قوتابییه یەکەمەکانى هه‌رێمی كوردستان له ئاماده‌یی و نۆی بنه‌ڕه‌تی و خوێندنی پیشه‌یی و ئاینى و نابینایان.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك بەڕێزان له وه‌زیران و مامۆستا و كه‌سایه‌تیانی ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابی و خوێندكاران ئاماده‌ی بوون، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كدا پیرۆزبایی له قوتابیان و خوێندكاران كرد و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یانی به مايه‌ى شادى و شانازی وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند كه ئه‌و شانازى به‌وه‌وه ده‌كات كه‌سی وه‌ك ئه‌و قوتابیانه له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌كه‌ون کە به‌شێكى گرنگی خه‌ونى سه‌ركه‌وتنیان كرد به ڕاستى و به‌و سه‌ركه‌وتنه‌یان هیوایان به نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو به‌خشی و گیانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یان شاد كرد كه ژیانی خۆیان بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان به‌خت كرد، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له مامۆستايان و دايكوباوك و خانه‌واده‌كانیان كرد كه له‌گه‌ڵیان ماندوو بوون.
به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌و كرد كه ئه‌وان سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكى گرنگى خوێندنیان تێپه‌ڕاند و پێ ده‌نێنه قۆناغێكى ديكه‌ى گرنگى خوێندن و ژيانه‌وه كه له خوێندنى زانكۆييدا پسپۆڕى و تايبه‌تمه‌ندى ده‌خوێنن و خۆیان به زانست و زانين پڕچه‌ك ده‌كه‌ن تا هه‌ريه‌كه‌یان له بوارێكى تايبه‌تدا خزمه‌ت به كوردستان و مرۆڤايه‌تى بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه جه‌ختی كرده‌وه كه كوردستان چاوى له سه‌ركه‌وتن، پێگه‌يشتن و خزمه‌تى ئه‌وانه و هیوای پییانه و ئومێدى له‌سه‌ر لێهاتوويى و توانا و زيره‌كيى ئه‌وان بنيات ناوه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ئێستا له‌گه‌ڵ ڕابردوودا بكرێت ئاشكرا ده‌بێت وێڕاى هه‌موو سه‌ختييه‌ك، قوتابی و خوێندكارانی ئێستا له‌چاو نه‌وه‌ی پێش خۆیان شانسێكى باشیان هه‌بووه، چونكه ئه‌وان به خوێن و به گيان به‌رگرييان له كوردستان كردووه و هه‌موو خه‌ونيان ئه‌وه بووه له‌سه‌ر خاك و زێدى خۆيان، ئازاد و سه‌ربه‌رز بژین تا ئه‌مڕۆ بۆ نه‌وه‌ى تازه بهێننه دى و له كه‌شێكى دروست و له‌باردا بخوێنن و سه‌ركه‌وتوو بن و به پێویستی زانی زۆر باش نرخى ئه‌مڕۆ بزانرێت و هه‌ميشه به خوێندن و فێربوون، زانست و زانين، سه‌ركه‌وتن و خزمه‌ت، پاداشتى خه‌بات و تێكۆشان و قوربانيدانى ئه‌وان بده‌نه‌وه، چونكه هه‌مووان قه‌رزاری ئه‌وانن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه زانست و زانين، بناغه‌ى ژيانێكى سه‌رده‌ميانه‌ى پێشكه‌وتوون و نه‌خوێنده‌وارى و نه‌زانين و دواكه‌وتوويى، كوشنده‌ترين ده‌رد و په‌تاى گه‌لانن و ڕزگارى و سه‌رفرازيى گه‌لان، له زانست و زانيندايه و هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكى قوتابیانی له خوێندندا به هه‌نگاوێك به‌ره‌و ژيانێكى سه‌رده‌ميانه‌ى پێشكه‌وتوو و بنياتنانى دواڕۆژێكى گه‌شتر زانی و ئامۆژگاریی قوتابیانی كرد كه زیاتر بخوێنن و سه‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له‌وانی به سه‌ركه‌وتنی هه‌مووان قبووڵ كرد.
دواتر به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به دۆخی سه‌ختی پێنج ساڵی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان كرد كه شه‌ڕ و كێشه و قه‌يران هه‌موو جومگه‌كانى ژيانی گرتبووه‌وه زۆربه‌ى كار و پڕۆژه په‌كيان كه‌وتبوو، به‌ڵام پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن له هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌ستا و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش و خۆبه‌خشان، مه‌ردانه به‌رگرييان ده‌ركرد، مامۆستايانيش له پۆل و هۆڵه‌كانى خوێندندا، وانه‌يان ده‌گوته‌وه و دڵسۆزانه ڕووبه‌ڕووى دۆخه‌كه بوونه‌وه و نه‌يانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن په‌كى بكه‌وێت، به‌رگه‌يان گرت و به‌رده‌وام بوون. به‌ڕێزیان له‌مباره‌یه‌وه سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی بۆ گيانى پيرۆزى شه‌هيدان دانه‌واند و ڕێز و سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه دووپات كرده‌وه كه ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و تێگه‌يشتنيان بۆ دۆخه‌كه هه‌بوو و نه‌يانهێشت ڕۆڵه‌كانى كوردستان له په‌روه‌رده و فێربوون داببڕێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێستا قۆناغێكى تازه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێده‌كات و به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانن و به متمانه و بڕوايه‌كى زياتره‌وه هه‌نگاو ده‌نێن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن زه‌مينه‌يه‌كى باشترى په‌روه‌رده بۆ منداڵان به كچ و كوڕه‌وه بڕه‌خسێت و له چاكسازى به‌رده‌وام ده‌بن تا سيسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ييى تۆكمه و سه‌رده‌ميانه جێ‌گير ده‌بێت، له‌مباره‌یه‌شه‌وه سوود له پلان و په‌يڕه‌و و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژياى تازه به باش‌ترين شێوه بۆ په‌روه‌رده و فێركردن، وه‌رده‌گرن و په‌ره به هه‌موو بواره‌كانى خوێندن له هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تايبه‌تيدا ده‌ده‌ن.
به‌ڕێزیان به پێویستی زانی سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يی له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆشه‌ويستى و وابه‌سته‌يى به نيشتمانه‌وه، هه‌ستى به‌رپرسياريه‌تى و بڕوابه‌خۆبوون، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژ‌يان، فره‌ڕه‌نگى، ژينگه‌پارێزى و ژياندۆستى، په‌ره‌ی پێ بدرێت و فێربوون و زانست و پێشكه‌وتن وه‌ك به‌هايه‌كى به نرخى مرۆڤايه‌تى ببينرێت، چونكه سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازه له خوێندن و فێربوون و شاره‌زایی له زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، ئه‌ندازیاری، پزیشكی، كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، مێژوو، بابه‌تی په‌یوه‌نديی مرۆڤایه‌تی، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر، كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر ده‌بات.
به‌رێز نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی به ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌مساڵی خوێندندا نیشان دا كه به‌ڕێوه‌بردن و ته‌كنيكى باشتر له به‌ڕێوه‌چوونى تاقيكردنه‌وه‌دا به‌كارهاتووه، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه خوێندن بۆ نێر و مێ بێ جیاوازی دابین كراوه و چوونه‌به‌ر خوێندن بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك يه‌كه و نزيكه‌ى له سه‌تا شه‌ستى ڕێژه‌ى مامۆستايان، ئافره‌تن، ئه‌مانه‌شی به هه‌نگاوی دڵخۆشكه‌ر زانی و ئاشكرای كرد كه چاویان له ئاستى به‌رزتر و كواليتيى باشترى خوێندن و فێركردنه و به پێویستی زانی بايه‌خ و گرنگيى زياتر به خوێندنى پيشه‌يى بدرێت و بواره‌كانى خوێندن به‌پێى پێداويستيى هه‌رێمى كوردستان و بازاڕى كار ئاراسته بكرێن و تايبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕى به‌پێى پێداويستى فراوان بكرێن و پلانى باشتر بۆ به‌ش و پسپۆڕى و بوارى خوێندن ده‌ستنيشان بكرێن.
له كۆتاییی وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جیا له ده‌ستخۆشیكردن له وه‌زاره‌ت و وه‌زيرى په‌روه‌رده به‌ڕێز د. پشتوان سادق، تيمى وه‌زاره‌ت، سه‌رجه‌م مامۆستايان، سه‌رپه‌رشتيار و په‌روه‌رده‌كار و دايكان و باوكان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی پیرۆزبایی له قوتابی و خوێندكاره سه‌ركه‌وتووه‌كان، هه‌روه‌ها هيوای خواست نموونه‌یان ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆر بێت له هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئاینده‌ی وڵات له ده‌ستی ئه‌واندایه، بۆیه به پێویستی زانی هه‌موولایه‌ك دڵنیا بێت ئه‌و ده‌سته ده‌ستێكی ئه‌مینه.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
قوتابيان و خوێندكارانى خۆشه‌ويست،
ڕۆژتان باش،
هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ به‌شدارى له‌م بۆنه خۆشه‌ى ئێوه‌ى خوێندكار و قوتابيى خۆشه‌ويستى كوردستاندا ده‌كه‌م. سه‌ركه‌وتنتان مايه‌ى شادى و شانازييه. له دڵه‌وه، به‌گه‌رمى پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشيتان لێ ده‌كه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم.
كاتێك به‌شداری له بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی گه‌نجی وه‌ك ئێوه‌دا ده‌كه‌م، تا بڵێی هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌كه‌م.
ده‌زانن بۆ؟
چونكه شانازى ده‌كه‌م به‌وه‌ی كه‌سی وه‌ك ئێوه له وڵاته‌كه‌ماندا هه‌ڵده‌كه‌وێت كه هیوا به نه‌وه‌ی ئێستا و به نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌به‌خشێت. سه‌ركه‌وتنی ئێوه وه‌فادارييه بۆ نه‌وه‌ی پێش خۆتان، بۆ كه‌سوكارتان. بۆ مامۆستا و هه‌ر كه‌سێكی تر كه له‌م قۆناغه‌ی ژیاندا یارمه‌تی داون.
پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له مامۆستايان و له دايكوباوك و خانه‌واده‌كانتان ده‌كه‌م، كه له‌گه‌ڵتان ماندوو بوون و هاوكارييان كردن. ئێوه شه‌ونخوونيتان كرد، ماندوو بوون، شه‌و و ڕۆژتان خسته سه‌ر يه‌ك و به‌شێكى گرنگتان له خه‌ونى سه‌ركه‌وتن، كرده ڕاستى له‌م ڕۆژه‌دا.
له‌م جۆره كات و بۆنانه‌دا بیر له ڕابردووی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌مه‌وه. به‌خۆم ده‌ڵێم: خۆزگه ئه‌وانه‌ى كه بۆ دابینكردنی ئێستامان ژیانی خۆیان به‌خت كرد، ئه‌مڕۆ له ئاهه‌نگی خۆشی و سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌دا به‌شدار بوونایه. ئه‌وان ئێستا گيانيان شاده كه قوربانیدانیان به وه‌فاداريى ئێوه‌ی خۆشه‌ویست پاداشت دراوه‌ته‌وه.
ئێوه سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكى گرنگى خوێندنتان تێپه‌ڕاند، ئێستا پێ ده‌نێنه قۆناغێكى ديكه‌ى گرنگى خوێندن و ژيانه‌وه. له خوێندنى زانكۆييدا، پسپۆڕى و تايبه‌تمه‌ندى ده‌خوێنن. خۆتان به زانست و زانين پڕچه‌ك ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر يه‌كه‌تان له بوارێكى تايبه‌تدا خزمه‌ت به كوردستان و خزمه‌ت به مرۆڤايه‌تى بكات.
كوردستان چاوى له سه‌ركه‌وتنى ئێوه‌يه. چاوى له پێگه‌يشتن و خزمه‌تى ئێوه‌يه، هيواى پێتانه. ئومێدى له‌سه‌ر لێهاتوويى و توانا و زيره‌كيى ئێوه، بنيات ناوه. ئاينده چاوه‌ڕێتانه. وه‌ك چۆن ئێوه له قۆناغى ڕابردوودا سه‌ركه‌وتن، چاوه‌ڕوانین له قۆناغى داهاتووشدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.
ئازيزان،
بێگومان ئێوه، وه‌ك هه‌موو هاووڵاتییه‌ك، شايانى ژيان و دۆخێكى چاكتر، شانسێكى باشتر و ژينگه‌يه‌كى په‌روه‌رده‌ييى له‌بارترن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ئێستا له‌گه‌ڵ ڕابردوودا بكه‌ن، ده‌بينن كه وێڕاى هه‌موو سه‌ختييه‌كيش، ئێوه شانسێكى باشتان هه‌بووه.
نه‌وه‌كانى پێش ئێوه، باوك و باپيرانمان هه‌رگيز ئه‌م شانسه‌ى ئه‌مڕۆى ئێوه‌يان نه‌بووه. ئه‌وان به خوێن و به گيان به‌رگرييان له كوردستان ده‌كرد. هه‌موو خه‌ونيان ئه‌وه بوو له‌سه‌ر خاك و زێدى خۆيان، ئازاد و به سه‌ربه‌رزى بژین. به‌رده‌وام له كۆڕى خه‌بات و تێكۆشان و پێشمه‌رگايه‌تيدا بوون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرى له نيشتمان بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ بۆ ئێوه‌ى نه‌وه‌ى تازه، بهێننه دى.
ئه‌وان قوربانييان به ژيان و به سه‌روماڵى خۆيان دا، بۆ ئه‌وه‌ى ئێوه و هاوپۆلانتان بتوانن له كه‌شێكى دروست و له‌باردا بخوێنن و سه‌ركه‌وتوو بن. بۆيه ده‌بێ زۆر باش نرخى ئه‌مڕۆ بزانن. ده‌بێ هه‌ميشه به خوێندن و فێربوون، به زانست و زانين، به سه‌ركه‌وتن و خزمه‌ت، پاداشتى خه‌بات و تێكۆشان و قوربانيدانى ئه‌وان بده‌نه‌وه. ئێمه هه‌موومان قه‌رزارى ئه‌وانين.
به‌شێكی زۆری ئه‌م گه‌له له مه‌ینه‌تی و هه‌ڵاتن و كۆڕه‌و و بۆمبارانكردن و ئه‌نفال و زیندان و نه‌هامه‌تییه‌وه، تازه به‌تازه هه‌نگاوی به‌ره‌و ژیانێكی ئاسووده‌تر ناوه. هیوای ئێمه و هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌م گه‌له، به گه‌نجانى وه‌ك ئێوه دێته دی.
خۆشه‌ويستان،
زانست و زانين، بناغه‌ى ژيانێكى سه‌رده‌ميانه‌ى پێشكه‌وتوون. نه‌خوێنده‌وارى و نه‌زانين و دواكه‌وتوويى، كوشنده‌ترين ده‌رد و په‌تاى گه‌لانن. ڕزگارى و سه‌رفرازيى گه‌لان، له زانست و زانيندايه.
هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكى ئێوه له خوێندندا، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و ژيانێكى سه‌رده‌ميانه‌ى پێشكه‌وتوو. هه‌نگاوێكه به‌ره‌و بنياتنانى دواڕۆژێكى گه‌شتر. بۆيه داوا و ئامۆژگاريمان بۆ ئێوه (خوێندن، خوێندن و خوێندنه). سه‌ركه‌وتنی هه‌ر یه‌كێك له ئێوه، سه‌ركه‌وتنی هه‌موومانه له هه‌ر شوێنێك بین.
هه‌موومان بينیمان، زياتر له پێنج ساڵى ڕابردوو، دۆخێكى سه‌خت و ئاڵۆزمان له هه‌رێمى كورستان به‌ڕێكرد. شه‌ڕ و كێشه و قه‌يران، هه‌موو جومگه‌كانى ژيانی سست و په‌رێشان كردبوو، زۆربه‌ى كار و پڕۆژه په‌كيان كه‌وتبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن له هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌ستا.
ڕۆڵه قاره‌مانه‌كانى كوردستان، پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش و خۆبه‌خشان، مه‌ردانه له به‌ره‌ى جه‌نگدا، به‌رگرييان ده‌كرد، مامۆستايانيش له پۆل و هۆڵه‌كانى خوێندندا، وانه‌يان ده‌گوته‌وه. دڵسۆزانه ڕووبه‌ڕووى دۆخه‌كه بوونه‌وه. وێڕاى هه‌موو سه‌ختييه‌ك، نه‌يانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن په‌كى بكه‌وێت. به‌رگه‌يان گرت و به‌رده‌وام بوون له فێركردنی قوتابیانی خۆشه‌ویست.
لێره‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پيرۆزى شه‌هيدان داده‌نه‌وێنين. ئه‌وانه‌ى سنگيان دايه به‌ر گولله، بۆ ئه‌وه‌ى ئێوه بتوانن بخوێنن. بۆ ئه‌وه‌ى ژيان له‌م وڵاته‌دا نه‌وه‌ستێت.
ڕێز و سوپاس، پێزانين و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه دووپات ده‌كه‌ينه‌وه كه ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و تێگه‌يشتنيان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو. نه‌يانهێشت ڕۆڵه‌كانى كوردستان له په‌روه‌رده و فێربوون داببڕێن، سوپاسیان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م.
ئازیزان،
دواى شه‌ڕ و ئاڵۆزی، ئێستا قۆناغێكى تازه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێده‌كات. به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانين و به متمانه و بڕوايه‌كى زياتره‌وه هه‌نگاو ده‌نێين. كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مينه‌يه‌كى باشترى په‌روه‌رده بۆ منداڵه‌كانمان به كچ و كوڕه‌وه بڕه‌خسێت.
له چاكسازى به‌رده‌وام ده‌بين تا سيسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ييى تۆكمه و سه‌رده‌ميانه جێ‌گير ده‌كه‌ين. هه‌رچى له توانادا بێت، سوود له پلان و په‌يڕه‌و و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژياى تازه به باش‌ترين شێوه بۆ په‌روه‌رده و فێركردن، وه‌رده‌گرين. په‌ره به هه‌موو بواره‌كانى خوێندن له هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و كه‌رتی تايبه‌تيدا ده‌ده‌ين.
ده‌بێ سيسته‌مى په‌روه‌رده‌ييمان زياتر له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆشه‌ويستى و وابه‌سته‌يى به نيشتمانه‌وه، هه‌ستى به‌رپرسياريه‌تى و بڕوابه‌خۆبوون، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژ‌يان، فره‌ڕه‌نگى، ژينگه‌پارێزى و ژياندۆستى، په‌ره‌پێبده‌ين. ده‌بێ فێربوون و زانست و پێشكه‌وتن، وه‌ك به‌هايه‌كى به‌نرخى مرۆڤايه‌تى، ببينرێت.
ويست و ئاره‌زوومان بۆ سه‌ركه‌وتن له خوێندن، بۆ ئاستێكى به‌رزى زانست و زانين، بێ سنووره. سه‌رباری هه‌موو جیاوازیمان، شایسته‌ی داهاتوویه‌كی باشترین بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌ی ئاینده‌مان.
سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازه له خوێندن و فێربوون و شاره‌زایی له زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، ئه‌ندازیاری، پزیشكی، كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، مێژوو، بابه‌تی په‌یوه‌نديی مرۆڤایه‌تی، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به دڵنیاییه‌وه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر ده‌بات. ئاينده بۆ ئێوه و له ده‌ستى ئێوه‌دايه.
خۆشحاڵين كه ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ ڕێژه‌ى زياترى سه‌ركه‌وتن نيشان ده‌ده‌ن. به‌ڕێوه‌بردن و ته‌كنيكى باشتر له به‌ڕێوه‌چوونى تاقيكردنه‌وه‌دا به‌كارهاتووه. خوێندن بۆ نێر و مێ جياوازى نه‌ماوه و چوونه‌به‌ر خوێندن بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك يه‌كه. نزيكه‌ى له سه‌تا شه‌ستى ڕێژه‌ى مامۆستايان، ئافره‌تن. ئه‌مانه هه‌موو هه‌نگاوى دڵخۆشكه‌رن، به‌ڵام بێگومان چاومان له ئاستى به‌رزتر و له كواليتيى باشترى خوێندن و فێركردنه.
ده‌بێ بايه‌خ و گرنگيى زياتر به خوێندنى پيشه‌يى بدرێت و بواره‌كانى خوێندن به‌پێى پێداويستيى هه‌رێمى كوردستان و بازاڕى كار ئاراسته بكرێن. تايبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕى به‌پێى پێداويستى فراوان بكرێن و پلانى باشتر بۆ به‌ش و پسپۆڕى و بوارى خوێندن ده‌ستنيشان بكرێن.
لێره‌دا ده‌ستخۆشى له وه‌زاره‌ت و وه‌زيرى په‌روه‌رده به‌ڕێز د. پشتوان سادق، تيمى وه‌زاره‌ت به هه‌ر هه‌موویانه‌وه یه‌ك به یه‌ك، سه‌رجه‌م مامۆستايان، سه‌رپه‌رشتيار و په‌روه‌رده‌كار و دايكان و باوكان ده‌كه‌م، هه‌وڵ و ماندووبوون و شه‌ونخوونييان، به‌رز ده‌نرخێنم.
دووباره لێره‌وه پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له هه‌موو قوتابيان و خوێندكارانى خۆشه‌ويست ده‌كه‌م كه له به‌شى زانستى، وێژه‌يى، بنه‌ڕه‌تى، پيشه‌يى، بازرگانى، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار، خوێندنى ئايينى و نابينايان، له ڕيزبه‌ندى پله يه‌كه‌مه‌كانن له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان .
هيوادارم نمووی ئێوه ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆر ببێت له هه‌رێمی كوردستان، بێگومان و به دڵنیاییه‌وه ئێوه زۆر هه‌وڵتان داوه تا بگه‌ن به‌و ئاسته، ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م و سوپاستان ده‌كه‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بن. وه‌ك پێشتریش گوتم ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته له ده‌ستی ئێوەدا‌یه، ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان دڵنیا بین كه ئه‌و ده‌سته ده‌ستێكی ئه‌مینه.
پیرۆزبێت لێتان، به‌خێر بێن.
زۆر سوپاس