Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی فەره‌نسی كۆ بووه‌وه‌

2019-07-04T10:00:05.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ دیدارێكی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان فرانسوا سنود، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری سووریا و دۆمنیك ماس، كونسوڵی گشتیی فەره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان، سڵاو و ڕێزی به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فەره‌نسایان به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یاند و دووباره‌ پیرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ به‌ڕێزیان كرد، به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فەره‌نسایان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فەره‌نسا و به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆنی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغه‌ سه‌خته‌كاندا و جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فەره‌نسا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.

تاوتوێكردنی دۆخی سووریا، هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئه‌و وڵاته‌، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری، فه‌راهه‌مكردنی ئاشتی، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.