Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆری كۆده‌بێته‌وه‌

2019-07-03T06:09:24.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆریای باشوور به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز هان بیۆنگ دوو، ڕاوێژكاری سه‌رۆكی كۆریای باشوور بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌، شاندی میوان پیرۆزبایی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران ‌و خه‌ڵكی كۆریایان به‌‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یاند به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و دۆستایه‌تیی خه‌ڵك و حكوومه‌تی كۆریای باشووریان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و هیوای زیاتر پێشخستنیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌بواری وه‌به‌رهێناندا بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست، هه‌روه‌ها پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رز نرخاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، شاندی میوان بانگهێشی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان كرد له‌ ده‌رفه‌تێكی گونجاودا سه‌ردانی كۆریای باشوور بكات.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جیا له‌ پێشكه‌شكردنی پوخته‌یه‌ك ده‌رباری دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی پیرۆزباییی سه‌ركۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران و خه‌ڵكی كۆریای باشوور و داوه‌تكردنی به‌رێزیان بۆ سه‌ردانی كۆریا كرد و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریای باشووری له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی بوونی هێزه‌كانی زه‌یتوون و ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كانی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێم درووست بوون و هاوكاری و پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد.