Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى ميرى ئێزدييان ده‌كات

2019-08-03T17:29:32.000000Z
هه‌واڵ

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3/8/2019 سه‌ردانى به‌ڕێز حازم ته‌حسين به‌گ، ميرى ئێزدييانى له‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى له‌ قه‌زاى شێخان كرد.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز ميرى ئێزدييان كرد به‌بۆنه‌ى وه‌رگرتنى ئه‌ركى ميرايه‌تى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ به‌ڕێزيان و بۆ خوشك و برايانى ئێزدى و خزمه‌تكردنيان دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز حازم ته‌حسين به‌گ، ميرى ئێزدييان سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌ردانه‌كه‌ و پشتگيرييه به‌رده‌وامه‌‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئێزدييان ده‌ربڕى و به‌دواداچوونى پێويستى و كێشه‌كانى ئێزدييانى له‌لايه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌رز نرخاند.

تاوتوێكردنى دۆخى گشتيى ئێزدييان و ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئارامى و ژيان بۆ ئه‌و ناوچانه‌، به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.