پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/11/17، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو ڕیم ئالابالى ڕادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەرپرسانی وەزارەت و بهڕێز کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا، پێكهاتبوو.
لە کۆبوونەوەيهکدا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری، وەبەرهێنان و بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردەوە و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە.
لای خۆیەوە، خاتوو ڕادۆڤان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتیوانی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیریدا دووپات کردەوە.
دۆخی ئێزدییان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو كه بهڕێز کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ئامادهى بوو.