Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی چین جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە

2026-01-22T11:16:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/1/22 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز لیو جون، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، پەیوەندییە هەمەلایەنەکان و کایەکانی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا خرانە بەر باس و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونیان، بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی کرا، تیایدا ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە وڵات و هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنیان تاوتوێ کران، لەمبارەیەوە، پێویستیی هاتنەکایەی لێکگەیشتنی هاوبەش لەنێوان پێکهاتە و لایەنەکان لەپێناو سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە ئاراستەی پێکهێنانی دامەزراوە دەستوورییەکانی، دووپات کرایەوە.

ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و کاریگەریی ڕووداوە هەنووکەیییە سەربازییەکان بەسەر سەقامگیریی ناوچەکەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.