ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/2/19 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد. لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، چەند تەوەرێکی پەیوەندیدار بە دۆخی هەنووکەییی ناوخۆ، عێراق و ناوچەکە، خرانە بەر باس.
لە تەوەری ناوخۆدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، پەرەسەندنەکانی پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە ئارادان، ڕوون کردەوە.
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وێڕای شیکردنەوەی دۆخی گشتیی وڵاتەکە و ئاڵنگارییەکانی، تاوتوێی ئەو جووڵە هەمەلایەنانە کرا، کە وەک ئامادەکارییەک بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران، بەڕێوە دەچن، لەمبارەیەوە، جەخت لە پێویستیی سازانی پێکهاتە و لایەنە سەرەکییەکانی عێراق لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی، کرایەوە.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی هەرێمی و خستنەڕووی پەرەسەندنەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، هەروەها لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، تاوتوێ کران.