ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/1/21 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، ڕەوشی ناوخۆ و پەرەسەندنەکانی پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرایە بەر باس، لەمبارەیەوە، جەخت لە پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە و تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەمی، کرایەوە.
لە تەوەری پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، وێڕای خستنەڕووی ڕەوشی گشتیی وڵات و گۆڕانکارییەکانی، جووڵەی لایەنە سیاسییەکان بە ئاراستەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران، تاوتوێ کرا.
هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی و ڕووداوەکانی، بەتایبەتی لە سووریا، لێکدانەوەی لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.