پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/3/10 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، هەروەها لێکەوتە جیاجیاکانیان بەسەر ڕەوشی گشتیی هەرێمیەوە، باس کران.
بەڕێز سەرۆکی دیوان هەڵوێستی جێگیری هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکە، کە بێلایەنی و هەوڵدانە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و پێویستیی گەڕانەوەی لایەنە بەشەڕهاتووەکانە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن، ڕوون کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا سەبارەت بە ئاراستەی ڕووداوەکان و چۆنیەتیی هەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە فراوانتربوونی بازنەی شەڕ و پێکدادانەکان، ئاڵوگۆڕ کرا.