Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی چین کرد

2024-11-19T10:55:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/11/19، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی ئامادەی بوو، قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، خرانە بەر باس. لەمبارەیەوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی زوو دەست پێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا، کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین و چۆنیەتیی فراوانکردنیان کرا. بەڕێز سەرۆکی دیوان سوپاسی ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی کرد کە کونسوڵخانەی چین لە بواری پەرەپێدانی توانای مرۆیی و ڕاهێنانی فەرمانبەراندا، پێشکەش بە هەرێمی کوردستانی دەکات.

لای خۆیەوە بەڕێز جون، بە بایەخەوە لە هاریکاری و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دوا و گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هاوبەشیی نێوان هەردوولای، دووپات کردەوە.