Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا کرد

2024-10-24T12:04:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/10/24، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز یان برایم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە ئامادەی بوو، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خرایە بەر باس و بیروڕا سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوای پرۆسەکە، ئاڵوگۆڕ کرا.

بەڕێز کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەرکەوتنی هەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی لە کەشێکی ئازاد و سەقامگیردا، بە گرنگ لە قەڵەم دا و هەروەها ئەرکی خۆیان و تیمەکانیانی لە چاودێریکردنی پرۆسەکەدا، ڕوون کردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، بە پێزانینەوە لە هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دوا و ڕۆڵی بەڕێز کونسوڵ و ستافی کونسوڵخانەی لە سەرخستنی هەڵبژاردنەکەدا، بە گرنگ و دۆستانە، وەسف کرد.

هەنگاوەکانی دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامەکان و گفتوگۆی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.