پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/2/19 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە قەداسەتی مار گۆرگیس ـی سێیەم، پاتریارکی (کەنیسەی کۆنی ڕۆژهەڵات) لە عێراق و جیهان و مەتران مار شەمعوون دانیال، سەرۆکی ئەبرشییەی (حەدیاب)، کرد.
لە دیدارێکدا، کە سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، باس لە پرۆژە و چالاکییە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کەنیسەی ڕۆژهەڵات و ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کەرت و کایە جیاجیاکانی کۆمەڵگە لە عێراق و دیاسپۆرا کرا، لەم ڕووەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، ئامادەیی هەموو پشتیوانی و هاریکارییەکی بۆ سەرخستنی کار و پرۆژەکانیان، نیشان دا.
لای خۆیەوە قەداسەتی پاتریارک، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵ و کارەکانیان، بە پێزانینەوە لە ژیانی فرەیی و لێبوردەییی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی کوردستان دوا و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی لە کوردستان، بە نموونەیی لە ناوچەکەدا، لە قەڵەم دا.