Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد

2025-04-15T14:13:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/4/15 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، گرنگیی پەیوەندی و هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، دووپات کرایەوە، هەروەها گەشتە دیپلۆماسییەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەریەک لە ئیمارات، تورکیا، فەرەنسا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانیان، بە گرنگ و کاریگەر لە ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوچەکەدا، هەڵسەنگێندرا.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆ و پەرەسەندنەکانی، جەخت لە پێویستیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە سەرەکییەکان لەپێناو سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی قۆناغەکە کرایەوە، لەمبارەیەوە، ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کرا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە خرانە بەر باس، تیایدا، بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان، بە هەنگاوێکی دروست، لە قەڵەم درا.