Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پيرۆزبايى لە باڵیۆزی نوێی نەمسا دەکات

2026-09-28T09:19:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/9/28، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەکسل ڤێش، باڵیۆزی نوێی نەمسا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەییی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی کارەکانی و پەرەپێدانی پەیوەندی و هاريكاريى هاوبه‌ش دەربڕی، هەروەها سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ مێژووی پەیوەندیی دۆستانە و پشتیوانیی بەردەوامی نەمسا دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە، به‌ڕێز باڵیۆزی نوێی نەمسا خۆشحاڵیی خۆی بە وەرگرتنی ئەرکەکەی دەربڕی و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ئاستی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.