Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی نووسینگە و کونسوڵی گشتیی ئوردن جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە

2026-02-17T10:22:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2026/2/17 بەڕێز د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز زیاد ئەلبەتاریسە، کونسوڵی گشتیی شانشینی هاشمیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای بیرهێنانەوەی پەیوەندیی لەمێژینەی گەلی کوردستان و شانشینی ئوردنی و دۆستایەتیی پتەوی نێوان سەرکردەکانیان، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی قۆناغی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا و کارکردن بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، کرایەوە.

پەرەسەندنەکانی ڕەوشی ناوخۆ، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی گشتیی هەرێمی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا بیروڕا سەبارەت بە ڕووداوەکان و لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.