
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2025/5/6 لە هەولێر، بەڕێز نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی بەڕێز مادان گۆپال وەک کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن کونسوڵخانەکەوە ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی سیاسی و میوانانی ناوخۆ، دیپلۆماتکار و نوێنەری وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک، ستایشی ئەرک و کارەکانی بەڕێز گۆپال ـی لە ماوەی ڕابردوودا کرد و ڕۆڵی بەڕێزیانی لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و هیندستاندا، بەرز نرخاند.
لە وتەیەکیدا بەڕێز مادان گۆپال، سوپاسی بەشداریی هەمووانی لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە کارکردنی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، پێگەی هەرێمەکەی لە عێراق و ناوچەکەدا بە کاریگەر لە قەڵەم دا و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی بوارەکانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، کردەوە.



