ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2024/10/29 لە هەولێر، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان فهوزی ههریری، سەرۆکی دیوان و د. نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیادا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانیی تورکیای لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا و ستافی کونسوڵخانە کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کارەکانیاندا، بۆ خواستن.
لای خۆیەوە بەڕێز تۆپچۆ، سوپاسی بەشداریکردنی شاندی سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا کرد و جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا، کردەوە.