Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا ليۆى چوارده‌ كۆبووه‌وه‌

2026-05-18T09:40:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویيی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هه‌روه‌ها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویيیەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، به‌رز نرخاند.

لە تەوەرێکی ديكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.