Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان كۆبووه‌وه‌

2024-10-16T12:50:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/10/16 له‌ ئه‌نقه‌ره‌، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى كۆمارى توركيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا كرده‌وه. له‌مباره‌يه‌وه‌ چۆنيه‌تيى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌ر‌فه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى توركييان له‌ ناوچه‌ جياكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى توركيا، به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شی نێوانيانی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى و خواستى كه‌رتى تايبه‌تى وڵاته‌كه‌ى بۆ كار و وه‌به‌رهێنان له‌ بوار و كه‌رته‌ جياكاندا نيشان دا.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا نيگه‌رانيى خۆيان ده‌رباره‌ى ئاڵۆزيى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسى و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ربڕى. له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى ئالۆزييه‌كان بگيرێت و كێشه‌كان ئاشتييانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى په‌ره‌پێدان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌وه‌ بوون.