ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/2/25 لە هەولێر، بە بەشداریی بەڕێزان مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، خوانێکی بەربانگکردنەوە بەڕێوە چوو، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا ـوە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمی بەربانگکردنەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری، میوانانی ناوخۆ و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدار بوون، بەڕێزان جێگری سەرۆک و سەرۆکی دیوان، پیرۆزباییی مانگی ڕەمەزانیان لە هەمووان کرد و پێزانینیان بۆ ئەم هەنگاوەی کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا، نیشان دا.
لە وتەیەکدا خاتوو فیۆنا بەتەرز، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا (بە وەکالەت) لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی بە ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و ڕێوڕەسمەکەی بە کۆبوونەوەیەکی دۆستانە لە بۆنەیەکی پیرۆزدا، لە قەڵەم دا.