
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/2/26 بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نمایشێک بۆ تاقیکردنەوەی چەکی قورس لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەڕێوە چوو.
لە نمایشەکەدا کە وێڕای بەڕێز ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون، کۆمەڵێک چەکی قورس کە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن ئەفسەر و پێشمەرگەوە ڕاهێنانیان لەسەر کراوە، سەرکەوتووانە تاقیکرانەوە.
بەڕێز جێگری سەرۆک لە وتەیەکیدا، سوپاسی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمەریکای کرد کە لە هاوکاری و پشتیوانییکردنی پێشمەرگە و دابینکردنی چەکی پێشکەوتووی سەردەمیانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن، هەروەها جەختی لە گرنگیی مەشق و ڕاهێنانەکان لەسەر هەموو جۆرە چەک و تەکنەلۆجیایەکی نوێی سەربازی بۆ پێشمەرگە کردەوە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، کە بەرزکردنەوەی ئاستی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و بونیادنانی توانا سەربازییەکانیان لەڕووی هونەری ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ و بەرگریکردن، پرۆسەیەکی گرنگە و بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، پێویستییەکی قۆناغەکەیە.

