Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

2025-08-18T14:48:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/8/18 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتدا، خرانە ڕوو.

سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، هەروەها هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەکارییەکانی، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.