
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/7/20 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پەیوەندییەکان نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، تاوتوێ کران.
لە تەوەری پەیوەندییەکاندا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و فراوانکردنیان و هەروەها برەودان بە هاریکاریی هاوبەش کرایەوە. سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەردوولا پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا، دووپات کردەوە.
ڕەوشی گشتیی عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، تیایدا هەردوولا هاوڕابوون کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جموجووڵەکانی هێشتا مەترسین بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، لەمبارەیەوە، جەختیان لە کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کریس هەیمڵ، ڕاوێژکاری سەربازیی هێزی هاوپەیمانی بۆ ڕیفۆرمی پێشمەرگە ئامادەی بوو، باس لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، کرا.
