ئەمڕۆ دووشەممە 2026/4/6 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و مەترسییەکانی داعش لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش، جەخت لە گرنگیی بەردەوامی و پەرەپێدانیان، بە تایبەت لەڕووی سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ شەڕ و ئاڵۆزییە هەنووکەیییەکانی ناوچەکە، کرایەوە.
پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها گرنگیی یەکدەنگی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.