Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکادا بەشدار بوون

2025-08-13T19:45:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/8/13 لە هەولێر، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییی بەڕێز ستیف بیتنەر، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ناساندنی خاتوو گوينده‌لن گرين، كونسوڵی گشتيی نوێدا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی و ئیداری و میوانانی ناوخۆ، دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێزان جێگری سەرۆک و شاندی باڵای سەرۆکایەتی، ڕۆڵی بەڕێز بیتنەر، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریکایان لە هەرێمی کوردستان، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا، بە گرنگ و بەرهەمدار لە قەڵەم دا. هەروەها وێڕای پیرۆزباییکردن لە خاتوو گرین، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیییان بۆ هەموو پشتیوانی و هاریکارییەک بۆ سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا، نیشان دا.