Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نوێنەری سەرۆک لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی لەدایکبوونی ئیمپراتۆری ژاپۆندا بەشدار بوو

2025-02-27T18:43:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/2/27 لە هەولێر، بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی لەدایکبوونی ئیمپراتۆری ژاپۆندا کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی ژاپۆنەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی سیاسی و میوانانی ناوخۆ، دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش ئامادەی بوون، بەڕێز فەلاح مستەفا بە نوێنەرایەتیی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی یادەکەی لە بەڕێز ئاکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، هەروەها لە کونسوڵ و ستافی کونسوڵخانەی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای تەندروستیی بۆ ئیمپراتۆر و سەرکەوتنی بۆ گەل و حکوومەتی ژاپۆن، خواست.

لای خۆیەوە بەڕێز ئیندۆ، خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک لە ڕێوڕەسمەکەیاندا نیشاندا و جەختی لە کاریگەریی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.
جێی باسە بەپێی نەریتی کارپێکراو لە ژاپۆن، ڕۆژی لەدایکبوونی ئیمپراتۆر، بە ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکە دادەنرێت.