Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ ـەوە

2026-04-01T07:16:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی بابلی ـ ئاشووری (ئەکیتۆ)، پیرۆزبایییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی دەکەم، هیوادارم ئاشتی و سەقامگیری باڵ بکێشێت بەسەر جیهاندا و دنیای مرۆڤایەتی، دوور بێت لە جەنگ و ماڵوێرانی.

لەم بۆنەیەدا، جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیانی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییە جیاوازەکان دەکەینەوە، کە بە درێژاییی مێژوو لە ناوچەکەماندا ڕەنگیداوەتەوە و سیمایەکی جوانی بەخشیوە بە کوردستان، لەم سۆنگەیەوە گرنگە سەقامگیریی سیاسی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیدا، بکەین بە دروشمی گەیشتن بە مافەکانی گەل و نیشتمان، لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان.

دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت، ئومێدەوارم لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا ئەم جەژنە بەسەر ببەن و ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/1