Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە

2026-03-20T16:43:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز، بە تایبەت پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشی و بەختەوەریدا بەسەر ببەن.

جەژنی نەورۆز بۆ ئێمەی گەلی کورد جگە لە نوێبوونەوەی سروشت بە هەموو مانا جوانەکانییەوە، ڕۆژی سەرکەوتنیشە بەسەر زوڵم و زۆرداریدا، هەروەها ئاگری نەورۆز لە مێژووی نەتەوەییی گەلەکەماندا هەمیشە هێمایەک بووە بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە خۆری ئازادی، بۆیە هەموو ساڵێک گەلی کوردستان ئەم یادە پڕ شکۆیە بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت و بە شێوازی جیاجیا و بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە خۆشییەکانی بۆ ئەم جەژنە دەردەبڕێت.

بە داخەوە کە نەورۆزی ئەمساڵمان هاوکاتە لەگەڵ دۆخی ناهەمواری ناوچەکە و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کەوا خەریکە کاریگەرییە نەرێنییەکانیان بەسەر ناوچەکەماندا ڕەنگبدەنەوە، لێرەدا گرنگە کۆی لایەنە سیاسییەکان و گشت پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە کار بکەن لەپێناو ئایندەیەکی باشتر و پاراستنی خاک و نیشتمان و دورخستنەوەی ئەو شەڕ و ماڵوێرانییەی کە لە دەوروبەردا بوونی هەیە.

نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، وڵاتیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
20ی ئاداری 2026