بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان (چارشەمبا سۆر)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی دەکەم، هیوادارم لە کەشێکی ئارام و دڵگیردا ئەم جەژنە بەسەر ببەن.
ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن، بە درێژاییی مێژووی ناوچەکە سەرەڕای ئەو ئازار و نەهامەتییانەی کەوا بەسەریاندا هاتووە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییی خۆیان پاراستووە و لەم پێناوەدا قوربانییان بەخشیووە.
لەم بۆنەیەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک چۆن شوێنێکی ئارام بووە بۆ هەمووان، هەرواش بە ئارامی دەمێنێتەوە بۆ پشتیوانی و پاراستنی ژیان و مافی گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بەبێ جیاوازی، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە مەڵبەندێک بووە بۆ پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی سەرجەم ئایین و ئایینزاکان.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە دڵخۆش و کامەران بن لە ژیاندا.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/15