Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان

2026-05-26T16:31:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و گشت پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە تایبەتی دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە حاجیانی کوردستان دەکەم، داواکارم لە خوای گەورە عیبادەت و فەریزەی حەجی ئەمساڵیان لێ قبووڵ بکات.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، جەخت لە بەرقەراربوونی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەژیانی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، بە پێویست و گرنگیشی دەزانین ئەو پەرتەوازەیییەی کە لەنێو ماڵی کورددا هەیە، خەمخۆرانە لێی بڕوانرێت و ڕێک بخرێتەوە لە چوارچێوەی ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا.

دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان، هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/26