Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا

2025-02-21T08:26:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە نەتەوەی کورد و کوردستانییانی ئازیز و گشت پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان و عێراق و گەلانی جیهان بە گشتی دەکەم.

مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، هۆشیاری و ناساندنی فەرهەنگی زمانەکانە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێمەش وەک گەلانی جیهان خاوەن زمان و ئاخاوتنی تایبەت بە خۆمانین، بە شانازییەوە نەتەوەی کورد ئاخاوتن و دەربڕینی زمانی شیرینی کوردی پاراستووە، ئەمەش بۆتە پێناسە و ناسنامەی نەتەوەیی و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و شووناس و کولتووری کوردی، گرنگیدان بە نزیککردنەوەی زاراوە کوردییەکان و پاراستنی زمانی كوردی، گرنگیدانە بە فەرهەنگی زمانی کوردی و پتەوکردنی بنەمای یەكبوونی ڕۆحی نەتەوەییمان.

لێرەدا گرنگە دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەکادیمیەکانی تایبەت بەم بوارە بەردەوام لەگەڵ شارەزایانی بواری زمانەوانی لە پرس و ڕاوێژدابن و کاربکرێت بۆ ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، چونکە پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و زانستیە، هەروەها فاکتەرێکی سەرەکی و بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە.

لەم یادەدا، سوپاس بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و کەسایەتی و مامۆستایانەی کە بەردەوام و بە بایەخێکی زۆرەوە لە خەمی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زمانی کوردیدا بوونە، ئەگەر بە وشەیەکیش بووبێ.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٢/٢١