لە یادی (38)ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالی ناوچەی گەرمیاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکار و قوربانییانی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەکەم.
ئامانجی ڕژێمی بەعس لە تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و خاپوورکردنی گوندەکان، شێواندنی جوگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کورد و کوردستان بووە، هەروەها پەیوەستبوونی خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی بووە بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە، چونکە گەلی کورد هیچ کاتێک زوڵمی دوژمنانی دژ بە خاک و نەتەوەکەی قبووڵ نەکردووە و قوربانیی بۆ بە دەستهێنانی ئازادی کردۆتە شکۆ و هێزی مانەوە.
هیوادارم حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، فشارەکانیان بۆسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بکەنەوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییانەی کە لە ناوچەکەدا بەرانبەر گەلی کورد ئەنجامدراون، لەپێناو ساڕێژبوونی کەمێک لە ئازار و مەینەتییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان بێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/14