ئەمڕۆ یادی (39) ساڵەی تاوانێکی دیکەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە لە 1987/4/16 هەڵسا بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرە بۆ ئەو کات یەکەمجاری بوو ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوە دژ بە خەڵكی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەری ئەم ناوچەیە تاقیبکاتەوە، کە تیایدا زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی لە منداڵ و ژن و پیاو، شەهید و بریندار کرد.
لەم یادە پڕ لە زام و ناسۆرەدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوان و کارەساتە لەبیرنەکراوە دەکەینەوە و سەری ڕێز و وەفاش بۆ شەهیدانیان دادەنەوێنم، هەروەها سڵاو و ڕێزم بۆ کەسوکاری قارەمانی شەهیدان و بەرکەوتە و قوربانییانی ئەم تاوانە نەگریسە و دژ بە مرۆڤایەتییە هەیە.
گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، هەمیشە وەک مەڵبەندێک بوونە بۆ خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە دژ بە زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی بەعسی فاشیزم، لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە بەرز دەنرخێنم لە ئاست واڵاکردنی ماڵ و حاڵیان بۆ خزمەتکردن و حەوانەوەی پێشمەرگە لە کاتە سەخت و دژوارەکانی خەبات و شۆڕشگێڕیدا.
هیوادارم ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی لە ڕووی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، خزمەتی زیاتر بکرێن کە شیاوی ئەو خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانەیان بێت، هەروەها حکوومەتی عێراقیش لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت و لە چوارچێوەی دەستووردا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەم کارەساتە بکاتەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی کەمێک لە ئێش و ئازارەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/16